12/12/2023
شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی خانووی زیادەڕۆیان هەیە و مامەڵەی تاپۆکردنی دەکەن مەرج نییە هەموو خانووێکی زیادەڕۆ تاپۆ بکرێت، بەڵکوو پێویستە خاوەن خانوو و خانووە زیادەڕۆکە ١٦ مەرجیان تێدا بێت ئەوکاتە تاپۆ دەکرێن.
مەرجەکانی خاوەنی خانووی زیادەڕۆ بریتین لە:
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە عێراقی بێت.
*پێویستە داواکار تەمەنی یاسایى تەواو کردبێت.
*پێویستە پێش رێکەوتى 9.9.2022 داواکاری دابێت بە یەکە کارگێڕییەکان (پارێزگا، قایمقامیەت، ناحیە) بۆ تاپۆکردنی خانووە زیادەڕۆکەی، بۆیە ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکاری پێشکەش نەکردبێ ئەوا خانووەکەی بۆ تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خاوەنی خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کرێچی دەوڵەت یان کرێچی کەسێکی تر بێت یان پاش پێشکەشکردنی داواکارییەکە خانووەکەی فرۆشتبێ ئەوا بۆی تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە ئەوەی داواکارییەکەی داوە خێزاندار بێت، بۆیە ئەگەر سەڵت بێت بۆی تاپۆ ناکرێت، چونکە سەڵت کێشەی نیشتەجێبوونی نییە، مەگەر داواکارە سەڵتەکە بەخێوکەر یان بەخێوکراوی کەسێک بێ و ئەمەش بە بەڵگەنامەی بەخێوکردن (حجة الإعالة) بسەلمێنێ و پەیوەندی نێوان بەخێوکەر و بەخێوکراویش لە پلە چوار تێپەڕ نەکات ئەوسا لەسەر سەڵتیش تاپۆ دەکرێت.
*پێویستە ئەو کەسەی داواکارییەکەی داوە خۆی و هاوسەرەکەی پێشتر بەپێی یاسای بەناوکردنی خانووە زیادەڕۆکان خانووی تریان بۆ تاپۆ نەکرابێت و هەروەها بەپێی ئەو یاسایەش قەرەبوو نەکرابنەوە، چونکە لەم یاسایەدا داواکار و هاوسەرەکەی بە یەک کەس دادەنرێن.
مەرجەکانی خانووە زیادەڕۆکە:
*پێویستە خانوو بێ، واتە زەوی و هەیکەل تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لەسەر موڵکی دەوڵەت دروستکرابێ، واتە تەجاوزی سەر موڵکی نیشتەجێی هاوڵاتی تاپۆ ناکرێ، بەڵکو ئەوە کێشەیەکی کەسییە لەنێوان خاوەنی زەوییەکە و ئەو کەسەی زیادەڕۆیی کردووەتە سەر موڵکەکەی و خۆیان یەکلایی دەکەنەوە یان رێگەی دادگا دەگرنەبەر.
*پێویستە خانووەکە بە زیادەڕەوی دروستکرابێ، بۆیە ئەگەر خانووەکە خانووی میری بێ یان رێکخراوەکان دروستیان کردبێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە پێش رێکەوتى 31.12.2020 دروستکرابێ، ئەمەش بە وێنەی سەتەلایتی بە ئاسانی دەسەلمێت و هەرکەسێک خانووەکەی پاش ئەو رێکەوتە دروستکردبێ بۆی تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لە پێش 31.12.2020 لەناو سنووری شارەوانیدا بووبێت، مەبەستیشمان لە سنووری شارەوانی سنووری ماستەرپلانە نەوەک سنووری قەدەغەی ماستەرپلان، بۆیە ئەگەر خانوویەک لەو رێکەوتەدا لە دەرەوەی سنووری شارەوانی بووبێ و دواتر کەوتبێتە سنووری شارەوانییەوە ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە لە دەرەوەی حەرەمی گوندەکان بێت، و حەرەمی گوندیش بەپێی نەخشەی کادسترۆی کشتوکاڵی دیاری دەکرێت نەوەک بەپێی نەخشەی شارەوانی.
*پێویستە خانووەکە بەپێی عورفی ناوچەکە شیاوی نیشتەجێبوون بێت، بۆ نموونە ئەگەر خانوویەکی ناو شاری سلێمانی بە لەوح و جەمەلۆن دروستکرابێ ئەوا تاپۆ ناکرێت.
*پێویستە خانووەکە ماڵی تێدا بێ، واتە ئەو خانووانەی چۆڵن و بۆ قازانج دروستکراون تاپۆ ناکرێن، چونکە ئەم یاسایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قازانجی خەڵک دانەنراوە، بەڵکو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێبوونی خەڵک دانراوە.
*لەم یاسایەدا تەنها یەک پارچەزەوی تاپۆ دەکرێت، بۆیە ئەگەر خانووەکە لەسەر زیاد لە یەک پارچە زەوییەک دروستکرابێ و سەرەپارچەی خانووەکە کەوتبێتە سەر زەوییەکانی چواردەوری ئەوا تەنها ئەو رووبەرەی بۆ تاپۆ دەکرێت کە زۆرینەی خانووەکەی لەسەر دروستکراوە.
*پێویستە جێخانووی خانووەکە لە نەخشەی شارەوانیدا نیشتەجێ بێ و بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون دانرابێ، بۆیە ئەگەر خانوویەک لە باخچە یان شەقام یان خزمەتگوزاری یان زۆنی پیشەسازی یان زۆنی وەبەرهێناندا دروستکرابێ یان لەسەر تەوەری بازرگانی بێت ئەوا بە خانوویەکی دژەنیشتەجێ دادەنرێ و ئەگەر هەر پانزە مەرجەکەی تری تێدا بێ ئەوا دەڕوخێندرێ و بە پارچەیەک زەوی قەرەبوو دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەموو مەرجەکانی تری تێدا نەبێ ئەوا قەرەبووش ناکرێتەوە.